شاعیر: حاجی قادری کۆیی
کتێب: غەزەل
سەرناو: خەم مەخۆ بۆ نان و خوانت خەڵقی هێشتا نوستووە

خەم مەخۆ بۆ نان و خوانت خەڵقی هێشتا نوستووە
زاڵەکەی دنیا تەنووری مەشریقی داخستووە

بێخەویم دایێ نەخۆشیم لێ کڕی چاوی، کەچی
وەک من و بەختی سیاهم هەر نەخۆش و نوستووە

لێت دەشێوێ هەر کە زولفەینی پەشێوی لابدا
ماهتابی سەرکەلە یا ڕۆژەکەی سەر بستووە

دڵبەرم بەرمامکی دابوو لە بەر ئێشی ددان
وا دەزانن ڕوومەتیم ئەمشەو لە خەودا گەستووە

تاقەت و سەبرم ئەگەر ڕوویین تەنی ئەفراسیاب
ڕۆستەمی هیجری لە ئەرزی داوە دەستی بەستووە

ئەی سەبا یارم ئەگەر پرسی لە حاڵم پێی بڵێ: 
مابوو تا ئەو وەقتە هاتم وادەزانم مردووە

خەم مەخۆ قوربان لە بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ
موددەیێکە بەو ئومێدە حاجی خۆی دابەستووە!!